سلاید

تاڵەبانی دامەزرێنەر و سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو

جەلال حیسامەددین شوکروڵڵا تاڵەبانی زەنگەنە (بە عەرەبی: جلال طالباني؛ ١٢ی تشرینی دووەمی ١٩٣٣ – ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧)،[٣][٤] ناسراو بە مام جەلال لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست،[٥] سیاسەتوانێکی کورد بوو کە وەک شەشەم سەرۆککۆماری عێراق لە ٢٠٠٦وە تا ٢٠١٤ خزمەتیکردووە، لەگەڵ سەرۆکایەتیکردنی ئەنجومەنی حکوومەتی عێراق. یەکەم کوردە کە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق وەربگرێت.[٦]

تاڵەبانی دامەزرێنەر و سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو. ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجومەنی حکوومەتی عێراق بوو، کە دوای کەوتنی سەددام حوسێن لە شۆڕشی ٢٠٠٣ی عێراق دامەزرا. تاڵەبانی بۆ زیاتر لە ٥٠ ساڵ داکۆکیکاری ماف و دیموکراسیی کورد بوو لە عێراق. جیا لە زمانی خۆماڵیی کوردی، تاڵەبانی بە باشی لە زمانەکانی عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی زانیوە. ھەروەھا توانیوویەتی بە فەڕەنسیش قسەبکات.[٧]

دانیشتنی جەلال تاڵەبانی لەگەڵ باراک ئۆباما، لە بەغدای پایتەختی عێراق، ٢٠٠٩

سەرەتای ژیان

جەلال تاڵەبانی کوڕی حوسامەددین کوڕی نورەڵڵای تاڵەبانی زەنگنە، ڕێکەوتی ١٢ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٣٣[٨] لە گوندی کەلکانی بناری چیای کۆسرەت لەدایک بووە. سەرەتای منداڵی ھەر لەو گوندە دەبێ، پاشان کاتێک باوکی دەبێتە ڕێبەری تەکیەی تاڵەبانی لە کۆیە، بە ماڵەوە دەچنە ئەوێ و خوێندنی سەرەتایی لەو شارە تەواو دەکا؛ و قۆناغی ئامادەییش لە کەرکووک و ھەولێر تەواو دەکات

جلال تاڵەبانی لە تازە لاوی بە پەیوەست بوون بە پارتی دیموکراتی کوردستان تێکەڵاوی کاری سیاسی دەبێ. لە مانگی شوباتی ساڵی ١٩٥٣ سەرپەرشتی سازدانی یەکەم کۆنگرەی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان دەکات و ھەر لەم کۆنگرەیەدا بە سکرتێری گشتی ئەو ڕێکخراوەیە ھەڵدەبژێردرێ و ھەر لە ھەمان ساڵدا دەبێتە یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان و ساڵانی ١٩٥٣–١٩٥٥ دەبێتە سکرتێری گشتی لاوان. لە ساڵی ١٩٥٩، لە کۆلێژی یاسا لە بەغدا، خوێندنی باڵا تەواو دەکات.

خێزانی تاڵەبانی

تاڵەبانی لەگەڵ ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد کچی ئیبراھیم ئەحمەد[٩] ژیانی ھاوسەرگیری پێکھێنا و دوو کوڕیان ھەیە بەناوی قوباد و بافڵ کە بافڵ کوڕە گەورەکەیانە[١٠] و قوباد تاڵەبانیش کەپێشتر لەناو سیاسەتی ھەرێمی کوردستان وەک نوێنەری ھەرێم لەئامریکابووە ئێستاش ئەنجومەنی وەزیرانیش جێگیری سەرۆک وەزیرانە.

تەندروستیی تاڵەبانی

زۆر کات تەندروستی تاڵەبانی جێگیر نەبووە دوایین نەخۆشیشی لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٢ بوو کە دووچاری جەڵتەیێکی[١١] بوو و لە چاودێریی توندا بوو لە بەغدا سەرئەنجام پاش ڕاپۆرتی جێگیربوونی تەندروستی ناوبراو گەیەندرایە وڵاتی ئەڵمانیا[١٢][١٣] بەمەبەستی چارەسەری زۆرتر بەیاوەری دوکتۆر نەجمەدین کەریم[١٤] لە ڕۆژی ١٩ی تەممووزی ٢٠١٤ دوای نزیکەی ١٩ مانگ مانەوە لە نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا جەلال تاڵەبانی لە ئەڵمانیاوە گەڕایەوە سلێمانی[١٥] و لە ماڵباتەکەی خۆی نیشتەجێبوو و لەدوای گەڕانەوەشی چەندین کەسایەتی سیاسیی باڵا لە ئاستی ھەرێم و عێراق ھاتنە پێشوازیکردنی.

مردن

لە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧، لە ئەڵمانیا، بەھۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.[١٦][١٧] لەڕۆژی ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ واتە دوای سێ ڕۆژ لەکۆچی دواییکردنی تەرمی جەلال تاڵەبانی لەڕێگای فڕۆکەخانەی نێونەتەوەییی سلێمانی لە ئەڵمانیاوە گەڕێندرایەوە ھەرێمی کوردستان. تەرمەکەش لە گردی دەباشان بەخاکسپێردرا.[١٨][١٩]

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button