لێپرسراوی مەکتەب
“یەکێتی پێگەی گەنجان لەناو رێکخستن و ناوەندەکانی بڕیاریدا بەهێزتردەکات”

قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریاتی سەرۆک مام جەلال، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ هەردوو سکرتارییەتی کۆمەڵەی خوێندکاران و رێکخراوی ئازادیی لاوان لە هەولێر، ئاماژەی بەوەدا کە سەرۆک و سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم قۆناغەدا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە گرنگی بە رۆڵی گەنجان و خوێندکاران لەناو ریزەکانی یەکێتیدا دەدەن و هەوڵی جدی هەیە بۆ ئەوەی پێگەی گەنجان لەناو رێکخستن و ناوەندەکانی بڕیاری یەکێتیدا بەهێزتر بکەن.
جەختیشیکردەوە کە کۆمەڵەی خوێندکاران و رێکخراوی ئازادیی لاوان زیاتر لە کێشە و گرفتەکانی گەنجان و خوێندکاران بکۆڵنەوە و هەوڵ بدەن بە بیرۆکەی نوێ و ئامادەکردنی پلان و پڕۆژەی گونجاو تیمی یەکێتی لە حکومەت و سەرکردایەتیی یەکێتی بەرچاوڕوونتر بکەن لە چۆنییەتی هاوکاریکردن و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی گەنجان و خوێندکاران.
