وتار لەبارەی مام

سەرۆک مام جەلال بە نەخشە کوردستانی بوونی کەرکوکی سەلماند

مەكتەبی سیاسی  یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

مەكتەبی سیاسی  یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە یادی مورافەعە مەزنەكەدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: ئەوەی  سەرۆك  مام  جەلال لەو  رۆژەدا ئەنجامیدا  بووە بەردی  بناغەی مادەی 58 ی قانونی  ئیدارەی دەوڵەت و  دواتریش مادەی 140 ی دەستور كە تایبەت بوو بە نەخشەڕێی یەكلاكردنەوەی  چارەنووسی ئەو ناوچانەی  رژێمی  شۆڤێنی بەعس بۆ شێواندنی دیموگرافیا  لە كەركوك و چەند ناوچەیەكی  ناوەڕاست و باشوری  عیراقیش گرتبویە بەر .

دەقی پەیامەکە:

ئەمڕۆ بە سەربەرزییەوە  یادی ئەو رۆژە دەكەینەوە كەسەرۆك مام جەلال  بە نەخشەو بەڵگەی مێژووییەوە كوردستانی بوونی كەركوكی سەلماندەوە.

لەو رۆژەی ساڵی 2004دا سەرۆك مام  جەلال  لەپاڵ  هەڵگرتنی هەموو  خەمە نیشتمانیی و نەتەوەییەكانی  گەلەكەیدا، خەمی دیاریكردنی  چارەنوسی  ئەو ناوچانە بوو كە بەر پەلامارەكانی  تەعریب و راگواستن  كەوتبوون، بۆ سەندنەوەی مافی خاوەنە  رەسەنەكانی ئەو ناوچانە و دیاریکردنی سنووری هەرێمی کوردستان لە ناو عیراقێکی فیدراڵدا دەیویست بە بەڵگەی جوگرافی  و مێژوویی مۆركێكی قانونیان  پێ ببەخشێت.

 ئەوەی  سەرۆك مام جەلال لەو رۆژەدا ئەنجامیدا  بووە بەردی بناغەی مادەی 58 ی قانونی  ئیدارەی دەوڵەت و دواتریش مادەی 140 ی دەستور كە تایبەت بوو بە نەخشەڕێی یەكلاكردنەوەی  چارەنووسی ئەو ناوچانەی  رژێمی شۆڤێنی بەعس بۆ شێواندنی دیموگرافیا  لە كەركوك و چەند ناوچەیەكی  ناوەڕاست و باشوری  عیراقیش گرتبویە بەر .

رۆژی 9ی2ی2004 بووە  مێژوویەكی  پرشنگدار لە خەباتی  بێوچانی  سەرۆك مام جەلال و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و گەلەکەمان ، كە بۆ چارەسەری گشت  كێشەیەكی  خاوەندارێتی  خاك و مافەکانی  گەلی كورد ، هەمیشە بژاردەی  گفتوگۆ و پێسەلماندنی دروستی دوور لەشەڕ، پەنا بردنە  بۆ زمانی  لێكتێگەیشتن و گفتوگۆ  و پشت  بەستنە  بە سەرچاوە و بەڵگەنامە مێژووییەكان .

یادی سەرۆک مام جەلال بەرز و درەوشاوەبێت و خەباتی سەربەرزی گەلەکەشمان بۆ مافە دەستورییەکانی بە پێی نەخشەرێی مادەی 140ی دەستوور تا سەرکەوتنی یەکجاری درێژەی دەبێت.