وتار لەبارەی مام

مام جەلال، ئەندازیاری هاوسەنگییە ئەستەمەکان

ئەرسەلان مەحمود

لە مێژووی سیاسیی گەلاندا، دەگمەنن ئەو سەرکردانەی دەتوانن لە یەک کاتدا هەم بزوێنەری شۆڕشێکی چەکداری و هەم تەلارسازی ئاشتییەکی پایەداربن؛ سەرۆک مام جەلال تەنها سیاسییەک نەبوو مامەڵە لەگەڵ ڕۆژگاردا بکات، بەڵکوو بیرمەندێکی پراگماتیک بوو سیاسەتی لە هونەری گەیشتن بە مەحاڵەوە گۆڕی بۆ هونەری بەرهەمهێنانی مانا لە ناو جەرگەی بێئومێدیدا.

حزب وەک ئۆرگانێکی زیندوو، نەک قاڵبێکی چەقەبەستوو

تێڕوانینی سەرۆک مام جەلال بۆ حزب و ژیانی حزبی، تایبەت بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، تێڕوانی فرەدەنگ و داینامیکی بوو. ئەو حزبەکەی وەک چەترێکی گەورە دەبینی بۆ توانای لەخۆگرتنی دژەکان و ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان. لای مام حزب ئامراز بوو بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی، نەک ئامانجێکی پیرۆز بۆ پەرستنی تاک. هەر ئەو فەلسەفەیەش بوو دەرگە و دەروازە جیاکانی بەڕووی هەموواندا کردەوە و یەکێتی کردە سەکۆیەک بۆ ڕۆشنبیران و تێکۆشەران، بە بێئەوەی یەکتری بسڕنەوە.

شۆڕش وەک چاکسازییەکی عەقڵانی

بۆ مام، شۆڕش تەنها بریتی نەبوو لە هەڵگرتنی چەک و ڕووبەڕووبوونەوەی فیزیکی، بەڵکوو پرۆسەیەکی ڕۆشنبیری و پەروەردەیی بوو بۆ گۆڕینی مرۆڤی کورد لە قوربانییەوە بۆ بڕیاردەر. ئەو شۆڕشی وەک زەروورەتێکی مێژوویی دەبینی بۆ گەیشتن بە ماف، بەڵام هەمیشە ئامادەگی هەبوو لە ساتە گونجاوەکاندا چەکەکە بگۆڕێتەوە بە قەڵەم و مێزی گفتوگۆ؛ ئەمەش گەورەترین فۆرمی عەقڵانییەتی سیاسییە شۆڕش لە خوێنڕشتنەوە بگۆڕێت بۆ دەستکەوتی نەتەوەیی و نیشتمانی.

ئەندازیاریی سێگۆشەی هاوسەنگی

لە فەلسەفەی سیاسیی سەرۆک مام جەلال دا، دیپلۆماسییەت هونەری دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکان بوو لە ناو دەریا لێڵەکانی بەرژەوەندیدا. ئەو وەک ماسترمایندێکی جیهانی دەردەکەوت، چونکە دەیزانی چۆن هاوسەنگی لە نێوان جەمسەرە ناکۆک و دژبەیەکەکاندا (تاران و واشنتۆن، بەغدا و هەولێر، دیمەشق و ئەنقەرە) دروست بکات. سەمامی ئەمان بۆ مام تەنها نازناوێک نەبوو، بەڵکوو تیۆرێکی فەلسەفی بوو بۆ ڕێگریکردن لە تەقینەوەی کۆمەڵگە و پاراستنی ئاشتی لە ڕێگەی سازانی سیاسییەوە.

پێکەوەژیان، لە تێورەوە بۆ نۆرم

لای مام جەلال، پێکەوەژیان تەنها دروشمێکی جوان نەبوو بۆ میدیاکان، بەڵکوو باوەڕێکی قووڵ بوو بە فرەیی. ئەو عیراقی وەک چەپکە گوڵێک دەبینی؛ ئەم میتافۆرە گوزارشت بوو لە فەلسەفەی سیاسیی ئەو، پێیوابوو جوانی و هێزی نیشتمانی لە جیاوازی ڕەنگەکاندایە، نەک لە یەکڕەنگکردنی زۆرەملێدا. مام توانی نۆرمێکی نوێ لە سەرکردایەتیکردن دابهێنێت، تێیدا سەرکردە دەبێتە پارێزەری مافی کەمینەکان پێش زۆرینە.

میراتی حیکمەت

مام جەلال خوێندنگەیەکی سیاسی  ناوازەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بونیادنا و جێهێشت. ئەو خوێندنگەیەی سیاسەت تێیدا تەنها ململانێی دەسەڵات نییە، بەڵکوو ململانێیە بۆ چەسپاندنی بەها مرۆییەکان. ئەو سەلماندی دەکرێت مرۆڤ کوردێکی دڵسۆز و عێراقییەکی نیشتمانپەروەر و ئینتەرناسیۆنالیستێکی مرۆڤدۆست بێت، بە بێ ئەوەی هیچ کامیان بکاتە قوربانی ئەوی دیکە.

ئەمڕۆ، مێژوو بە شانازییەوە دەنووسێت: لەو شوێنەی عەقڵ دەوەستا، حیکمەتی مام دەستیپێدەکرد.