سلایدهەواڵ و چالاکی

مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال بە چاوی رێزەوە لە خەبات و تێکۆشانی هەولێر و هەولێرییەکان دەڕوانێت

لە درێژەی سەردان و بەسەرکردنەوەی خەباتگێڕ و قارەمانانی شۆڕشی نوێدا، مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە دوو سەردانی جیادا لە شاری هەولێر، هەر یەک لە هەڤاڵان عەلی ئەحمەد خاڵند ناسراو بە (عەلی زەراعە) و ئەبوبەکر عوسمان زەینەدین ناسراو بە (مەلا ئاوات) یان بەسەرکردەوە .

لەو سەردانانەدا؛ مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە نزیکەوە لە هەواڵ و بارودۆخی تەندروستی هەڤاڵانیان پرسییەوە و هیوای تەندروستی باشتریان بۆ خواستن .

مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال بە رێزەوە باسیان لە خەبات و قوربانیدان و شۆڕش و سەروەرییەکانی هەڤاڵان عەلی زەراعە و مەلا ئاوات کرد وەک دوو پێشمەرگەی بە هەڵوێست و نیشتیمانپەروەر کە هەر لە سەرەتای لاوێتییەوە چەکی شەرەف و کوردایەتییان لە شان نابوو و بەشێک بون لە هێز و مەقاوەماتی شۆڕشی نوێ؛ لە بەرامبەر ئەو رابردووە پاک و دانەبڕاوەشدا مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال پەیام و سڵاوی ئەمەک و وەفاداریی سەرۆک بافڵ و هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی یان ئاڕاستەکردن وپێزانینیان بۆ دووپاتکرایەوە.

لە بەرامبەردا؛ هەڤاڵان عەلی زەراعە و مەلا ئاوات خۆشحاڵییان دەربڕی بۆ بەسەرکردنەوەیان و روونیانکردەوە هەولێرییەکان هەر لە سەرەتاوە بەشێکی گەورەی کوردایەتی و شۆڕشی نوێ بوون، خەمی گەورەیان رزگاری و سەربەستی گەلەکەیان بووە لە چنگی رژێمی بەعسی رووخاو .