گەرمیان و گەرمیانییەکان داینەمۆی جۆشدانەوەی شۆڕشی نوێ و باسکی پتەوی یەکێتی بوون

رۆژی ٢١ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، بە یاوەری سەڵاح عەبدوڵا سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان لقی گەرمیان، لە سێ سەردانی جیادا لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان هەریەک لە هەڤاڵان (عومەر حەمە ساڵح، نامیق رەشید مەحمود، حسێن عەلی محەمەد) پێشمەرگەو تێکۆشەرانی دێرینی گەلی کورد و یەکێتییان بەسەرکردەوە.
لەو سەردانانەدا، مەکتەبی سکرتارییەت ستایشی رۆڵ و خەبات و تێکۆشانی هەڤاڵان عومەر حەمە ساڵح و نامیق رەشید و حسێن عەلی یان کرد وەک پۆلێک پێشمەرگەی ئازاو دانەبڕاوی رۆژە سەختەکانی خەباتی کوردایەتی، کە لە خەباتی شاخدا داستان و نەبەردی گەورەیان تۆماردەکرد، پێدەشتەکانی گەرمیانیان کردبووە مەیدانی روبەڕوبوونەوەی دوژمن.
لە بەرامبەر ئەو رابردووە پاک و پڕ شکۆمەندییەشدا مەکتەبی سکرتارییەت سڵاوی ئەمەک و وەفاداری سەرۆک بافڵ و هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی یان ئاڕاستەکردن و هیوای سەلامەتی و تەندروست باشی زیاتریان بۆ خوازرا.
لە بەرامبەردا، هەڤاڵان حەمە ساڵح و نامیق رەشید و حسێن عەلی وێڕای خۆشحاڵیان بە سەردان و بەسەرکردنەوەکەیان “بە شانازییەوە باسیان لە ڕۆژانی سەختی خەبات کردەوە کە بەوپەڕی ڕۆحییەتی نیشتمانییەوە تێکۆشاون بۆ سەربەستی و ئازادیی گەلەکەیان” .






