“سڵاوی گەرمی دڵی پڕ هومێدی مەت پێشکەش ئەی هەڤاڵی پێشمەرگە”

قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، پاش ئەوەی رۆژی ٢١-٦-٢٠٢٦ بە یاوەری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەشداری لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولی 5ی پێگەیاندنی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان کرد، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاوی کردۆتەوە:
سڵاوی گەرمی دڵی پڕ هومێدی مەت پێشکەش ئەی هەڤاڵی پێشمەرگە، ئەی پارێزەری خاک و گیان و سەروماڵی خەڵکی کوردستان.
خۆشحاڵ و شەرەفمەند بووم بە یاوەری بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەشداربووین لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولی 5ی پێگەیاندنی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان.
لە ئەمڕۆوە 210 ئەفسەری ئازا و راهێنراوی دیکە چوونە ریزی هێزی پێشمەرگەوە بۆ پاراستی خاک و خەڵکی کوردستان. پیرۆزبایی لەو ئەفسەرە ئازیزانە و بنەماڵە سەربەرزەکانیان دەکەم. دەستخۆشیش لە بەرپرسانی کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان و مامۆستا و راهێنەرەکان دەکەم کە رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە بە پیشەیی کردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.





