سەرۆک مام جەلال بە نەخشە کوردستانی بوونی کەرکوکی سەلماند

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە یادی مورافەعە مەزنەكەدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: ئەوەی سەرۆك مام جەلال لەو رۆژەدا ئەنجامیدا بووە بەردی بناغەی مادەی 58 ی قانونی ئیدارەی دەوڵەت و دواتریش مادەی 140 ی دەستور كە تایبەت بوو بە نەخشەڕێی یەكلاكردنەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانەی رژێمی شۆڤێنی بەعس بۆ شێواندنی دیموگرافیا لە كەركوك و چەند ناوچەیەكی ناوەڕاست و باشوری عیراقیش گرتبویە بەر .
دەقی پەیامەکە:
ئەمڕۆ بە سەربەرزییەوە یادی ئەو رۆژە دەكەینەوە كەسەرۆك مام جەلال بە نەخشەو بەڵگەی مێژووییەوە كوردستانی بوونی كەركوكی سەلماندەوە.
لەو رۆژەی ساڵی 2004دا سەرۆك مام جەلال لەپاڵ هەڵگرتنی هەموو خەمە نیشتمانیی و نەتەوەییەكانی گەلەكەیدا، خەمی دیاریكردنی چارەنوسی ئەو ناوچانە بوو كە بەر پەلامارەكانی تەعریب و راگواستن كەوتبوون، بۆ سەندنەوەی مافی خاوەنە رەسەنەكانی ئەو ناوچانە و دیاریکردنی سنووری هەرێمی کوردستان لە ناو عیراقێکی فیدراڵدا دەیویست بە بەڵگەی جوگرافی و مێژوویی مۆركێكی قانونیان پێ ببەخشێت.
ئەوەی سەرۆك مام جەلال لەو رۆژەدا ئەنجامیدا بووە بەردی بناغەی مادەی 58 ی قانونی ئیدارەی دەوڵەت و دواتریش مادەی 140 ی دەستور كە تایبەت بوو بە نەخشەڕێی یەكلاكردنەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانەی رژێمی شۆڤێنی بەعس بۆ شێواندنی دیموگرافیا لە كەركوك و چەند ناوچەیەكی ناوەڕاست و باشوری عیراقیش گرتبویە بەر .
رۆژی 9ی2ی2004 بووە مێژوویەكی پرشنگدار لە خەباتی بێوچانی سەرۆك مام جەلال و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و گەلەکەمان ، كە بۆ چارەسەری گشت كێشەیەكی خاوەندارێتی خاك و مافەکانی گەلی كورد ، هەمیشە بژاردەی گفتوگۆ و پێسەلماندنی دروستی دوور لەشەڕ، پەنا بردنە بۆ زمانی لێكتێگەیشتن و گفتوگۆ و پشت بەستنە بە سەرچاوە و بەڵگەنامە مێژووییەكان .
یادی سەرۆک مام جەلال بەرز و درەوشاوەبێت و خەباتی سەربەرزی گەلەکەشمان بۆ مافە دەستورییەکانی بە پێی نەخشەرێی مادەی 140ی دەستوور تا سەرکەوتنی یەکجاری درێژەی دەبێت.