مام جەلال صمام الأمان عیراق

سەعدی ئەحمەد پیرە
بیست و یەک ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا 6ى4 خەڵکی کوردستان لە هەموو پارچەکان بە گشتی و هێزی پیشمەرگە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەتایبەتی رۆژێکی مێژوویی گەورە بوو، رۆژێک کە پێشمەرگەیەکی دێرین، ماندوو نەناس، تێکۆشەرێکی رێگای کوردایەتی، سیاسەتمەدارێکی سەرکەوتوو، رۆژنامەنوس و مافپەروەرێکی بەرز و بوێر بوو بە سەرۆک کۆماری عیراقی فیدراڵ .
ئەو پیاوەی کە چەندین جار ڕژیمە یەک لەدوای یەکەکانی عیراق بە تایبەتی حزبی عسی سەردەمی (سەدام حوسێن) لێبوردنە گشتییەکان تەنها لە سەرۆک مام جەلال نەدەبورا، ئەو تێکۆشەرەی کە هەمیشە ببووە هەوێنی چارەسەرکردنی هەموو ناکۆکییەکانی کوردستان و ناو عیراق بەگشتی .
ئایەتوڵا سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە لە عیراق بەرێز مام جەلالی بە (صمام الامان)ی عیراق ناوبرد، سەرۆک مام جەلال بە حوکمی پەیوەندییە سیاسییە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی جێگای متمانەی زۆر پادشا و سەرۆکی دەوڵەتە عەرەبییەکان و ناوچەکە بوو ، تەنانەت ئەوانەشی کە لەگەڵ بەڕێزیان ناکۆکیشیان هەبوو بەڵام رێزیان لە بۆچوونەکانی سەرۆک مام جەلال دەگرت .
سەرۆک مام جەلال لەگەڵ هەڤاڵەکانی ناو بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان هەوێنی یەکخستنی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی بوو دوایش لە کاتی بوونی بە سەرۆک کۆمار، کاریگەر بوو لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان شیعە و سونە، هەروەها کاریگەر بوو لە ئاسایکردنەوەی پەیوەندەییەکانی نێوان عیراق و وڵاتانی دراوسێ کە لەسەردەمی ڕژێمی سەدام حوسێن بە سیاسەتە شەڕانگێزیەکەی تێکی دابوو، بەم شێوەیە لە عیراقێکی شەڕانگێزەوە لە سایەی سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی و تیمەکەی لە وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی تری عیراق، عیراق رۆڵێکی تەواوکەری بینی بۆ سەپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە .
سەرۆک مام جەلال لە کاتی حکومڕانی وەک سەرۆکی کۆمار کێشەیەکی دێرینی نێوان کوێت و عیراق و رەسمکردنی سنوری کوێتی مومکین کرد، دوای شەڕی نێوان ئێران و عیراق پەیوەندییەکانی ئاساییکردەوە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی لەسەر هەموو ئاستەکان ڕێکخستەوە.
سەرۆک مام جەلال لە پەیوەندی بەردەوام لەگەل پارێزگارەکانی عیراق بۆ ئەوەی راستەوخۆ بتوانێت کێشە و گرفتەکانیان چارەسەربکات و داخوزییەکانی خەڵکی شارەکانیان بۆ بهێنێتە دی، زیاتر لەو دەسەڵاتەی کە دەستور پێی دابوو جەختی لە حکومەت دەکردەوە، بۆ پیشکەشکردنی خزمەتگوزاری باش بە سەرجەم پارێزگاکانی عیراق بەبێ جیاوازی و چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق، بۆیە سەرۆک مام جەلال لەلایەن هەموو عیراقییەکان گەورە و بچووک هەتا لەگەڵ ئەو سیاسەتمەدارە عیراقیانەی کە لە گەلیشی ساز نەبوون هەمیشە پێیان دەگوت جەنابت بۆ ئێمە وەکو زەعیم و باوک و سەرۆک کۆماریت و ئێمە تۆمان قبوڵە.
بە نەخۆشکەوتنی سەرۆک مام جەلال کەلێنێکی گەورە جێما و بەداخەوە تا ئەم دەقەیەش پڕنەکراوەتەوە، بەدڵنیاییەوە ئەگەر سەرۆک مام جەلال لە ژیاندا بمابایە رۆڵ و کاریگەری دەبوو لەسەر هەڵدان و تەشەنە کردنی رێکخراوی تیرۆرستی داعش و ئەو کارەساتانەی کە بەسەر عیراق هات وە لە زۆر کێشە و قەیرانی سیاسی تر کە لە ناوچەکە دروست بوو رۆڵی کارا و سەرەکی دەگێڕا لە چارەسەرکردنیان، بەتایبەت ڕزگارکردنی عێراق لە کۆت و بەندەکانی ماددەی 7 ، (ئیریك ڕولۆ) سەرۆك مام جەلال: (تەكتیكەكانی دەگۆڕان بەڵام ستراتیجەكەی وەفاداری بوو ، بۆ بەرژەوەندی گەلەكەی -2000).
ئەو پیاوەی لە بەرزاییەکانی قەندیل وەک سیاسەتمەدار و فەرماندەی پێشمەرگە، بە پشتیوانی تێکۆشەرەکانی گەلەکەمان هەنگاو بە هەنگاو هات و گەیشتە لوتکەی دەسەڵات لە کۆماری عیراقی فیدڕاڵ مام جەلال بوو.