Uncategorizedسلایدهەواڵ و چالاکی

مەزهەری خالقی: سەرۆک مام جەلال و هێرۆ خان خاوەنی جیهانبینییەکی قووڵ و فراوان بوون بۆ ناسنامە و کلتووری گەلەکەیان

ڕۆژی ١٦ـی تەمموزی ٢٠٢٦، مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە دەباشان، پێشوازیان لە مامۆستا و هونەرمەندی ناودار و پایەبەرزی گەلی کورد، مامۆستا مەزهەری خالقی، بەڕێوەبەری خۆبەخشی ئینستیتیوتی کەلەپووری کوردی کرد.


لە سەرەتای دیدارەکەدا، مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال بە گەرمی بەخێرهاتنی مامۆستا مەزهەری خالقی یان کرد و ستایشی کار و کۆششە بێوچانەکانیان کرد وەک بەڕێوەبەری خۆبەخشی ئینستیتیوتی کەلەپووری کوردی، مەکتەبی سکرتارییەت روونیانکردەوە کە مامۆستا مەزهەری خالقی تەنها قوتابخانەیەکی گەورەی گۆرانی و مۆسیقای کوردی نییە، بەڵکو لە ڕێگەی دامەزراوەکەیەوە بووەتە ئاڵا هەڵگری گەلەکەی لە بوارەکانی فۆلکلۆر، زاراوەکان، حەیران، لاوک و تەواوی پێکهاتە کولتوورییەکانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، کە ئەمەش خزمەتێکی کەم وێنەیە بە نەوەکانی ئێستا و داهاتوو.


لای خۆیەوە، مامۆستا مەزهەری خالقی بە شکۆ و پێزانینێکی قووڵەوە باسی لە یادەوەرییە هاوبەشەکان و پەیوەندییە مێژووییەکانی خۆی لەگەڵ سەرۆک مام جەلال و خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کردو رایگەیاند: “سەرۆک مام جەلال و هێرۆ خان تەنها دوو سەرکردەی گەورەی سیاسی و خەباتگێڕ نەبوون، بەڵکو خاوەنی جیهانبینییەکی قووڵ و فراوان بوون بۆ ناسنامە و کلتووری گەلەکەیان. ئەوان هەمیشە بە دیدێکی جیاواز و دڵسۆزانەوە تەماشای داهێنەران، هونەرمەندان و نووسەرانیان دەکرد و پشتگیرییەکی بێسنووریان پێشکەش بە پاراستنی فۆلکلۆر و ڕەسەنایەتی کوردی دەکرد، بە تایبەت لە دامەزراندن و بەردەوامبوونی پڕۆژە ڕۆشنبیرییەکاندا.”