مەکتەبی سکرتارییەت ستایشی خزمەت و کار و چاکە بێپایانەکانی د.مایکڵ دەکات

لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بافڵ و هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی، مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، بە یاوەری د. هێمن عاسی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی شۆڕش، لە نەخۆشخانە سەردانی پرۆفیسۆر (مایکڵ دۆڵناد گوتانا)یان کرد .
لەوسەردانەدا ؛ ئەندامانی مەکتەبی سکرتارییەت لە نزیکەوە لە بارو دۆخی تەندروستی د. مایکڵ یان پرسییەوە وەک دکتۆرێکی پسپۆڕ لە بەشی تاقیگە و دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی شۆڕش کە زیاتر لە ١٦ ساڵە بە پەرۆشی و دڵسۆزییەوە خزمەتێکی بەرچاو بە کەرتی تەندروستی دەکات و ڕۆڵێکی بەرچاو و دیاری هەبووە لە ڕزگارکردنی ژیانی هەزاران نەخۆش و گەشەپێدانی ئاستی زانستیی بەشەکە.
لەم رووەوە مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال ستایشی خزمەت و کار و چاکە بێپایانەکانی دکتۆر مایکڵ یان کرد و هیوای تەندروستییەکی باشتریان بۆ خواست و جەختیان کردەوە هەر کارێک بۆ چارەسەر و ڕەوشی تەندروستیی د. مایکڵ پێویست بێت هاوکار و پشتیوان دەبین.

